لیا سەیفەدین: لە مێژووی پارتی دا ئافرەت لە باڵاترین پێگەكانی بڕیاری سیاسییدا بەشداربووە

لیا سەیفەدین: لە مێژووی پارتی دا ئافرەت لە باڵاترین پێگەكانی بڕیاری سیاسییدا بەشداربووە

محەمەد ئامۆكەیی- زاری كرمانجی: بۆ 10 ساڵ دەبێت وەك چالاكوانێكی دیار لە سلێمانی خزمەت دەكات، ئێستاش وەك بەرپرسی ئەنجومەنی سلێمانی/ یەكێتی ئافرەتانی كوردستان دەست بەكاربووە و ئەیەوێت لەو رێگەوە خزمەتی زیاتر بە ئافرەتان بكات، لیا سەیفەدین حسێن، لە دیدارێكی تایبەتی زاری كرمانجی باس لە دۆخی ئازادی ژنان و هەروەها هەندێ پرسی پەیوەست بەمێینە دەكات، رایدەگێنێت" ‎دۆخی ئافرەت بەتایبەت لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە وەك كۆی دۆسییەكانی تر لە ناتەواویدایە، ریشەی ئەو ناتەواوییەش ڕەگێكی كلتووری هەیەو ڕەهەندەكەی تریشی پەیوەستە ‏بەو گۆڕانە كۆمەڵایەتیی ئێستاییەی كە بارودۆخ خۆڵقاندویەتی، بەڵام گرنگە ئەجێندایەكی سەرتاپاگیرمان هەبێ بۆ ڕووبەڕووبەنەوەی."
دەشڵێت" ‎گومان لەوەدا نیە نەهجی پەروەردەیی رۆڵی گرنگ دەبینێ لە بیناكردنی كەسایەتی تاك، بەڵام كۆمەڵگە بەرهەمی ژینگەكانی خۆیەتی، واتە بەتەنها یەك بوارو یەك ژینگە نابێتە پاڵنەری ئاڵۆزبوونی دۆخێكی دیاریكراو، بەڵكو سیاسەت، میدیا، كەشوهەوا، ناجێگیری ئابووری، سۆشیال مێدیا، ئامرازەكانی تەكنەلۆجیا، هەمووان پێكەوە وادەكەن و واشیان كردووە رەوشی توندووتیژی دژبە رەگەزی ئافرەت تادێ ئاڵۆزتر ببێ، هەروەها بیریشمان نەچێ كۆمەڵگەی دوای جەنگ هەمیشە فیكری توندووتیژی لەخەیاڵدانی تاكەكانییدا درەنگ كاڵدەبێتەوە، بۆیە ئەوەی خوڵقاوە ئەنجامە نەك هۆكار."
لیا سەیفەدین گووتیشی" پێگەی ژنان لە ناوەندی بڕیارو لە یاساكانی عێراقی و كوردستانی و لەڕووی فیكری كۆمەڵایەتیشەوە لەم قۆناغەدا بەبەراورد لەگەڵ بیست ساڵ لەمەوبەر، گۆڕانی باش و هەنگاوی باشی بڕیوە، هەر لە بەیاساییكردنی پۆست و پێگەی ئافرەتان و بەشدارییان لە لەدروستكردنی بڕیارو دەركردنی بڕیار تا دەگاتە یەكسانكردنی سزاكانی ناو یاساكان، بەڵام نابێ ئەم هەوڵانە لێرە بووەستن، چونكە زۆر كایەو بواری تر ماون كارو قسەی جدیان پێویستە لەم بوارەدا."

ئەو چالاكوانە دیدی خۆشی لەسەر كۆچی گەنجان و كەمبوونەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری دەربڕی  زیاتر دەڵێت" ‎بێگومان ئەم كۆچكردنە تەنها خەمی پیاوان نیە بگرە خەمێكی گەورەی رەگەزی ئافرەتیشە، چونكە ئەم دوو رەگەزە دوو پێكهاتەی گرنگی دامەزراوەی خێزان و كۆمەڵگەن، دواجاریش كاریگەری فرە ڕەهەندی هەبووە لەسەر ئاسایشی خێزان و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی بەگشتی، بۆیە كۆچی گەنجان لەبنەڕەتدا بووەتە هۆكاری كەمبوونەوەی هێزی لاوان لە نێو كۆمەڵگەدا،." دەكرێت ئەم كۆچە كاری جدیتری لەسەر بكرێت دۆخی لاوان بە ئاراستەیەكی باشتر لە ئێستا بڕوات، خۆشبەختانە لەم ماوەیە سەرۆك وەزیران كاك مەسرور بارزانی چەندین دیدار گەنجانی هەبووە لە گەڵیان كۆبۆتەوە و بەشداری ئیڤێنتەكانیان دەكات، خۆی ئەمە دەستپێكێكی گرنگە."
بەرپرسی ئەنجومەنی سلێمانی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، لە دواپەیڤەكانی دا ئەوەشی خستەڕوو" لە ئاستی سەركردایەتی پارتە سیاسیەكان و پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان ئافرەتان كاریگەری و رۆڵ و پێگەیان دیارە، ‎گەر سەیری پارتی دیموكراتی كوردستان بكەین لە مێژووی ئەم حزبەدا ئافرەت لە باڵاترین پێگەكانی بڕیاری سیاسییدا بەشداربووە و لەم قۆناغەشدا ئافرەت  رۆڵی كاراو كردەیی هەیە لە پۆستەكانی ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسیارێتی مەكتەبە ناوەندییەكان و ئەندامێتیی مەكتەبی ناوەندی و لق و ناوچەو ئۆرگانەكانی تری حزبییدا، كۆنگرە لەدوای كۆنگرە نەك پێگەی ئافرەت لە ئۆرگانەكانی پارتییدا پاشەكشەی نەكردووە، بەڵكو رۆڵ و نەخش و جێپەنجەیان هەم لە دروستكردنی بڕیاری سیاسی هەم لە دەركردنی بڕیاری سیاسیدا دیارە.

زۆرترین بینراو