هاووڵاتییانی سۆران لە گرانی نرخی دەرمان نیگەرانن

هاووڵاتییانی سۆران لە گرانی نرخی دەرمان نیگەرانن

یاریدەدەرێكی پزیشك: كۆمەڵگەی ئێمە لە رووی تەندروستییەوە دواكەوتووە

شەهلا رەشید- سۆران:

هاووڵاتییانی سۆران گلەیی لە گرانبوونی داودەرمان دەكەن و دەڵێن، خاوەن دەرمانخانەكان بازرگانیمان پێوە دەكەن، چونكە سەرەڕای دواكەوتنی مووچە و نەبوونی پارە رۆژبەرۆژ نرخی دەرمان بەرز دەكەنەوە، پێویستە حكوومەت هۆشداری بداتە كۆمپانیاكان و دەرمانخانەكان و سنوورێكیان بۆ دابنێت.
یاریدەدەرێكی پزیشك و خاوەن دەرمانخانەیەك لە سۆران كە نەیویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی باس لە گرانی نرخی دەرمانەكان دەكات و دەڵێت:" گرانكردنی دەرمانەكان چەند هۆكارێكی هەیە لەوانە نرخەكان لە كۆمپانیایەك بۆ كۆمپانیایەكی تر جیاوازە، یان هەندێك كەس هەن بە دەست دەفرۆشن و لە ئێرانەوە یا هەر وڵاتێكی دیكە بە قاچاخ بۆ هەرێمی كوردستان دەهێنن و بە نرخێكی هەرزانتر دەفرۆشنەوە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە كرێی كۆگا و مووچەی كارمەندان نادات، تەنها بە رێگەی نایاسایی بازرگانی پێوە دەكەن، هەر ئەوەش وای كردووە ئەم دیاردەیە رۆژبەرۆژ لە هەرێمی كوردستان روو لە زیاد بوون بكات، ئەگەر دەرمانەكان بە رێگەی یاسایی بێن پێویستە لە ژێر كۆنتڕۆڵی چاودێری بێت و ستیكەری پێوە بێت و دواتر بۆ شارەكان بنێردرێن، خاوەن سەنتەرەكان دەرمانەكان گرانتر دەفرۆشن، ئەوەش لەبەر ئەوەیە كرێی بیناكەیان گرانە و كارمەندیان زۆرە، لە هەمووی گرنگتر ویژدانە بۆ نموونە كەسێك دەیەوێت لە جیاتی پێنج هەزار دە هەزار قازانج بكات، كەواتە لێرەدا ویژدان دەورێكی زۆر دەبینێت، لەگەڵ ئەوەی كەم تەرخەمی حكوومەت هۆكارێكی دیكەیە بۆ ئەوەی دەرمانەكان بە گرانی بفرۆشرێن، لە هەرێمی كوردستان نزیكەی  300 كۆمپانیا هەن، هەریەكەیان بە نرخێك دەرمان دەفرۆشن، لە جیاتی هەموو ئەوانە ئەگەر تەنها سێ كۆمپانیا هەبانە و هەموو داوودەرمانەكان هەبانە ئەم بارگرانییە نەدەكەوتە سەر شانی خەڵك و حكوومەتیش دەتوانی كۆنتڕۆڵ بكات.
ئاشكراشی كرد:" حكوومەت بڕیاری داوە دەبێت پزیشك راچێتەكەی بە كۆمپیۆتەر بنووسێت و بە ناوی زانستی نەك نازناوی بازرگانی، چونكە هەر دەرمانێك دوو ناوی هەیە زانستی و بازاڕی، بەڵام بڕیارەكە نەچووە بواری جێبەجێكردنەوە، چونكە هەر پزیشكێك راچێتەكەی بنووسێت بۆ نەخۆشەكە و پێی بڵێت لەم دەرمانخانەیە بكڕە و بیهێنە لای من ئەوا ئەم پزیشكە تاوانبارە و دەیەوێت بازرگانی بە خەڵكەوە بكات، یاریدەدەری پزیشك هەیە زیرەكە، بەڵام ناتوانێت ئیشی پزیشك بكات، یەك لەوانە خۆم كە یاریدەدەری پزیشكم و ناتوانم  كاری پزیشك بكەم، بەڵام كاتێك دەچمە نۆرینگەكەی خۆم خەڵك دێن هەریەكە بە هۆكاری جیاجیا و داوای دەرمان دەكەن، كەواتە لێرە خەڵكیش تاوانبارە و تێناگات كە من پزیشكی تایبەت بە هیچ نەخۆشییەك نیم تەنها یاریدەدەرم، كۆمەڵگەی ئێمە لە رووی تەندروستییەوە زۆر دواكەوتووە، بۆ نموونە كەسێك تووشی نەخۆشی چاو، گوێ، گورچیلە...هتد، دەبێت ئەوانە ئیشی ئێمە نین پێویستە سەردانی پزیشكی پسپۆری تایبەت بە نەخۆشییەكان بكات و راچێتیان هەبێ و تەنها بۆ كڕینی دەرمانەكان بێنە دەرمانخانەكان، ئەگەر پێشتر سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكەن ئەو هەڵانەی كە لە دەرمانخانەكان روودەدەن كەم دەبنەوە، چونكە ئێمە تەنها داوودەرمان دەفرۆشین بۆ ئێمە نییە بڵێین ئەمە باشە یا خرابە، شەو نییە لە هەر دەرمانخانەیەك پەنجا نەخۆش بەڕێ نەكرێن، تەنها لە شاری سۆران  135 دەرمانخانەی یاریدەدەری پزیشك هەن، جگە لە هی دكتۆرەكان كە زۆربەیان لە تاقیگە، تیشك، دەرمانخانە بەشی خۆیان هەیە، پارەی بلیتەكانیش وەردەگرن، كەواتە ئەم پزیشكە لە هەموو ئەمانە سەهمی هەیە و پارە وەردەگرێت، ئەمەیە بازرگانیكردنە بە خەڵك، لەكاتی ئێشكگر زۆربەی پزیشكەكان لە نەخۆشخانە نین و دەچنە نۆرینگەكانیان، لە رێگەی توڕەكۆمەڵاتییەكانەوە نەخۆشەكانی نەخۆشخانە بەڕێ دەكەن، كە بەو هۆیەوە چەندین هاووڵاتی بوونەتە قوربانی دەستی هەندێك پزیشكی بازرگان.

زۆرترین بینراو