پەیامێک لە بەڕێوەبەری پەروەردەی رواندزەوە

پەیامێک لە بەڕێوەبەری پەروەردەی رواندزەوە

زاری کرمانجی-رواندز
چنوور مەزهەر محەممەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی رواندز لە پەیامێکدا کە کۆپێکی بۆزاری کرمانجی نێردراوە دەڵێت :
بەناوی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕواندز ، سوپاسی وەزارەتی پەروەردە وبەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی گشتی هەلێر و  هەموو ئەو خەڵکە خێرخواز و خوا پێداوانە دەکەم ، کە ئازایانە هاتنە مەیدان بۆ دابینکردنی ئامێرەکانی فێنککەرەوە بۆ زۆربەی قوتابخانەکان ، جێگای خۆیەتی زۆر سوپاسی هەموو سەرپەرشتیارە بەڕێزەکان و فەرمانبەرە ماندوو نەناسەکانی سنوری پەروەردەکەمان بکەم.
ئەمەش جێگای شانازی هەموومانە ، چ لە ئێستا چ لەکۆندا خەڵکی دەڤەرەکەمان سەلماندیویانە کە لە قەیران و ناخۆشیەکان ، مەیدانی خزمەتکردنیان لە گشت بوارەکان ، بەتایبەت بواری پەروەردە و فێرکردن چۆڵ نەکردووە.
 خەڵکە تێکۆشەر و  وریایەکەمان توانیویانە لەهەموو بارودۆخێکدا  قوتابخانە و هۆڵەکانی خوێندن وەک سەنگەرەکانی پیشەوەی پیشمەرگە بەقایمی بپارێزن!
ئەوەی جێگای ئومێدە بۆ هەموومان کە کلتورێکی بەخشینی جوان لەناخی تاکی زۆربەی کەسانی کورد دروست بووە، بۆ موڵکی گشتی، لەڕابردوودا  دوژمنانی کورد بەتایبەتی بەعس جگە لە جینۆسایدکردنی کورد و تێکدانی ژینگەی جوانی کوردستان، کە بەهەموو شێوەیەک  دەستیان خستبووە ناو کلتورە جوانەکەی کوردەواری ، بەشێک لە خەڵکانیشیان فێرکردبوو کە ( تێکدە موڵکی حکومەتە)

بەڵام جێگای فەخر و شانازیە ئەو نەریتە بۆتە ڕابردوو ، نەریتی خزمەتکردن بەموڵکی گشتی جێگای ئەوی گرتۆتەوە، پێشنیار دەکەم و هیوادارم هەموو ئەو کەل و پەلانەی کە خێرخوازان بە قوتابخانەکانیان بەخشیون  بکرێنە ئەستۆنامە ، ( ژمە) 
 تاکو بۆ هەمیشەیی سوودیان لێ وەربگیرێت ، داوا لەکارگێڕی سەرجەم قوتابخانەکانیش دەکەم ئەو ئامێرانە هاوشێوەی ئامێرەکانی ماڵەکانی خۆیان بپارێزن بۆ ئەوەی بۆ چەندین ساڵ سوودی لێوەرگرین.

زۆرترین بینراو