چێژ یان بەختەوەری؟ لە دوو ڕوانگەی جیاوازی سکۆلار و ئایدۆلۆژیادا

دكتۆر یوسف دۆسكی
مرۆڤ - بوونەوەرێکی قسەکەر - کە بە هۆی خانەکانی مێشکییەوە لێکدانەوەو هەڵسەنگاندن بۆ ژیان، بابەتەکان، ئاکامەکان، دوێنێ، ئەمرۆ، ئایندەو یاری نێوان ریاڵ مەدرید و بارسەلۆنا دەکات لە پرۆسەیێکدا کە بە بیرکردنەوە یان هزرین ناودەبرێت. لەناو کەلڵەی سەری مرۆڤ کام لە پاڵنەرەکان هانی دەدەن کە رەفتار و ئاکارەکانی بە ئاراستەیەکی دیارکراودا رێکبخات؟ ئەم پاڵنەر و مۆتیڤانە دەشێت "ترس" بێت کە لە دەسەڵاتمان هەیە تا باسی گرانبوونی بەنزین نەکەین، دەکرێ "چێژ" بێت کە دەمانخاتە پەیوەندییەکی رۆمانسیانە بۆ بە دەستهێنانی سێکس وهەروەها دەشێت بیرکردنەوە بێت لە "بەختەوەری"یەکی ئارام کە لە چاندن و چاودێریکردنی درەختەکان و سەوزایی باخچەی گەرەکەکەمان ئەزموون دەکەین. دەڵێن ئەم سێ ووشەیە "ترس"،"چێژ" و"بەختەوەری" ئیدارەی ئەم کائینە بیرکرەوەیە ئالۆزە دەکەن و دەسەڵاتیان زاڵە بەسەر سایکۆلۆژییەت و بیرکردنەوەکانی.
پرۆفیسۆر رابەرت لاستیگ مامۆستا لە زانکۆی کالیفۆرنیا دەبێژێت: "ئیمە ( ئەمریکییەکان) لە تەنگەژە و قەیرانێکی کەلتووریدا زیان و ئازار دەبینین ئەویش لەبەرئەو لێکدانەوە هەڵەیە کە بۆ دوو هەستی ئەرێنی و گرنگمان ئەنجام داوە کە ئەم دوو هەستە چێژ و بەختەوەرین. زۆر لە خەلک گۆمان دەکەن کە ئەم دوو هەستە یەکسانن و بە یەک بابەت و یەک مانای دەزانن و ئەگەریش لە ئینتەرنێت بە داوی ماناکانیاندا بگەڕێین پێناسە و مانای ئالۆز و تێکەڵ بۆ هەردووکیان دەدۆزینەوە کە زۆر لەیەکتر جیاواز نین، بەڵام من پێتان دەڵێم کە ئەم دوو هەستە بەتەواوی جیاوازن. بە بڕوای من حەوت جیاوازی لە نێوان هەستەکانی چێژ و بەختەوەریدا هەیە. چێژ کۆرتخایەنە، بەختەوەری درێژخایەن. چێژ بە ماددە و غەریزەوە بەستراوە، بەڵام بەختەوەری پەیوەندی بە مانایەوە هەیە. چێژ وەردەگری بەڵام بەختەوەری دەبەخشرێت. دەشێ چێژ بە هۆی ماددەیەوە وەربگیرێت بەڵام ماددە ناتوانێت بەختەوەری بخۆلقێنێت. چێژ لە لە تەنیایی ئەزموون دەکرێت بەڵام بەختەوەری لە کارە گشتی و کۆمەڵایەتییەکاندا هەست دەکرێت. چێژی لەڕادەبەدەر دەبێتە هۆی خووپێوەگرتن و ئالوودەیی، لەوانەیە ئەم ئالوودەییە بە ماددەیەک بێت یان ئالوودەبوون بێت بە ڕەفتارێک. بەڵام دیاردەیەک نیە بە ناوی ئالوودەبوون بە بەختەوەرییەکی لەڕادەبەدەر. جیاوازی حەوتەم کە لە هەموویان گرنگترە، چێژ بە هۆی دۆپامینەوە لە ناو خانەکانی مێشک دروست دەبێت بەڵام بەختەوەری دەرئەنجامی کاریگەری سیرۆتونینە. ئەمانە (دۆپامین و سیرۆتونین) دوو ماددەی زیندەکیمیایین و بە ڕاگوێزەری دەماری ناودەبرێن کە لە مێشکی مرۆڤدا دروست دەبن وخانەدەمارەکانی مێشک بە هۆی ئەم دوو ماددەیەوە پێوەندی پێکەوە دەکەن. بەڵام ئەمە چی دەگەیێنێت؟"
پرۆفیسۆر لاستیگ زیاتر باسی ئەم دوو ڕاگوێزەری نێوان دەمارەخانەکان دەکات و دەڵێت  " دۆپامین لە دەمارەخانەیێک دەردەدرێت و دەبێتە هۆی ورووژاندن و خرۆشان لە دەمارەخانەی دواتر. بەڵام دەمارەخانەکان دەمرن ئەگەر پەیتاپەیتا و چەندبارە بورووژێنرێن. دواجار دەمارەخانەکان میکانیزمێکی بەرگریکردن لە خویان هەیە کە ئەویش کەمکردنەوەی ژمارەی ئەم وەرگرانەی دۆپامینە کە لە پێکهاتەو پەیکەرەکەیاندایە تا ڕێژەی زیان پێگەشتنیان داببەزێت. لە زانستی دەرمانزانیدا بەم پرۆسەی بەرگریکردنە دەڵێن بەرەوژێر ڕێکخستنەوە (downregulation) و ژمارەیەکی زۆر لە ماددە کیمیاییەکان لەش ئەم کارە دەکەن. ئینجا بەکارهێنانی ماددەیەک یان هۆکارێکی زیاتری چێژبەخش دەبێتە هۆی زیاتر بوونی ڕێژەی ورووژاندن و ئەویش دەبێتە هۆی زیاتر کەمبوونەەی ژمارە وەرگرەکانی دۆپامین. بۆ جاری دواتر بۆ ئەوەی کەسەکە هەست بە هەمان ڕێژەی ورووژاندن و چێژی پێشتر بکات، پێویستە کە بڕێکی زیاتری ماددەی چێژبەخش بەکاربهێنڕێت چونکە ژمارەی وەرگرەکانی دۆپامین کەمبوونەتەوە. بە هۆی ئەم پرۆسەی بەرەوژێر ڕێکخستنەوە، بەکارهێنەر ناچارە بۆ هەر جار و ڕایێک دواتر ڕێژەیەکی زیاتری چێژبەخشەکە بەکاربهێنێت، بەلام ڕادەی هەستی چێژ وەرگرتن هەر کەمدەبێتەوە تا دەگاتە قۆناغێک کە سەرەڕای بەکارهێنانی بڕێکی یەکجار زۆر لە ماددە یان هۆکارە چێژبەخشەکە، بەڵام هێچ هەست بە چێژ وەرگرتن ناکات، کە بە قۆناغی هەڵکردن یان سازان ناودەبرێت. کاتێکیش کە مردنی دەمارەخانەکان دەستپێدەکات بەکارهێنەرەکە دەچێتە قۆناغی خووپێوەگرتن و ئالوودەبوون. جیاواز لە دۆپامین کە ورووژێنەرە، سیرۆتۆنین پێشگری و ڕێگری لە وەرگرەکانی دەکات تا تاکەکان هەست بە ڕازیبوون و قایلبوون بکەن و تێڕامان و قووڵبوونەوە دەئافرێنێت. سێرۆتۆنین بە وەرگرەکانی دەنووسێت وخێراییان هێور و ئارام دەکاتەوە وئەم میکانیزمە وا دەکات کە مرۆڤ هەست بە ڕەزامەندی بکات وخۆی بە یەکانگیر و هاوئاواز لەگەل گەردوون و ژیان بزانێت کە ئێمە بەم هەستە دەڵێین بەختەوەری. بەڵام دۆپامین تەنها هۆکارێکە کە کاریگەری سێرۆتۆنین کەم دەکاتەوە. ئینجا هەرچەندە زیاتر بە دوای چێژدا ڕابکەیت، بەختەوەرییەکی کەمتر بەدەستدەهێنیت. لاس ڤیگاس، شەقامی مەدیسون، واشینتن دی سی و... هەموویان بە شێوازی تایبەت و هاوئاهەنگی خویان ئەم دوو زاراوەی ، چێژ و بەختەوەری، تێکەلی یەکتر دەکەن و لە جیاتی یەکتر بەکار دەهێنن تا پێمان بڵێن کە ئێمە دەتوانین بەختەوەری بکڕین و ئەوسا ئەوانیش دەتوانن زبڵەکەیان پێمان بفرۆشن.
ئەمەی سەرەوە لێکدانەوەی زانستی پزیشکی ودەرمانزانی بوو کە پەردە لە سەر ئەم زیندەکردارانە هەلدەگڕێت کە ئاکامەکانیان چێژ یان بەختەوەرییە. لە جیهانی سکۆلاردا لە کەنار دەریا لە شاری ئانتالیا یانی لە شەقامەکانی لاسڤیگاس ئەم هەوڵەی مرۆڤ بۆ بەدستهێنانی چێژ و زیادە خرۆشانی خانەکانی مێشک بە دۆپامین دەبینین. بەڵام ئایین و مەزهەبیش لەم نێوەندەدا بێ ئاخەفتن نییە، ئایدۆلۆژیاش چێژ وەکوو ئامرازێک بۆ دەستەمۆ و کۆنترۆڵکردن بەکارهێناوە و بە وێناکردنی ژیانێکی خۆش دوای ئەم ژیانەی حەسارەی زەوی، مرۆڤ سەرسامی تێکستەکانی خوی دەکات. لە دەقەکانی مەزهەبیدا چێژ لەم دونیایەدا بێڕێز و بێبەها کراوە بەڵام لە جیهانی دوای مەرگ باسی باخێک دەکەن پڕ لە خانمی (حۆری) باڵابەرزو ناسک و مێوەو شەرابی پڕ لە دۆپامین. دواجار مرۆڤی باوەردار لە نێوان تێڕوانینی پارادۆکسیانە بۆ چێژ لە حالەتێکی دەروونی ناجێگیردا دەژیت، لەلایەکەوە چێژ لەم جیهانە بە پیس و بێڕێز و سووک و کاتی پێناسە دەکات بەڵام لە ئاخیرەتدا باسی ژیانێک دەکات کە  ئیماندارەکانیان لە چێژێکی هەمیشەیی و فراوان و پیرۆزدا نوقم دەبن.
کام یاسا و ڕێسا ئەم سنۆرانە دیاری دەکات و رێکدەخات کە پێویستە هەوڵەکانی مرۆڤ بۆ بە دەستهێنانی چێژ لەناو جۆغزەکەیاندا بێت؟ ئایا کۆمەڵگەکەمان لە ژێر تەوژمی ترسی ئیڵاهیدا وپاڵێنەری چێژی ژیانی جیهانێکی تر، خوی لە ڕاستیە سەلمێنراوەکانی زانستی بە دوور دەگڕیت و لەناو ڕوانگەی گەندەباوەر و خۆڕافاتەوە لە تێکشکاندنی دەروونی تاکەکانی بەردەوام دەبێت؟ لەلایەکی ترەوە ئایا بازەرگانانی چێژ و فرۆشیارانی درۆزنی بەختەوەری لە داگیرکردنی فەزای تاکەکەسیمان بەردەوام دەبن تا سنۆرێک کە ئەوان بە پرۆپاگەندە بێماناکانیان هەوڵی ئەوە دەدەن کە لە بڕی خومان کۆرتەنامە بۆ خۆشەویستمان بنێڕن؟

زۆرترین بینراو