گشت زانیارییە پێویستییەکان دەربارەی ددانی ژیری (ئاقڵی) بزانە

گشت زانیارییە پێویستییەکان دەربارەی ددانی ژیری (ئاقڵی) بزانە

ددانی ژیری کۆتا ددانی هەمیشەیە لەنێو دەم، لەنێوان تەمەنی 17 بۆ 25 ساڵی دەردێت، دەرهاتنی بەشێوەی لار یاخوود گیربوون و مانەوەی لەنێو پووک سەرچاوەی کۆمەڵێک ئاریشەیە.
ئەو کێشانە چین کە لەکاتی دەرهاتنی ددان بەشێوەی لار یاخوود گیربوون و مانەوەی لەژێر پووک ڕوودەدەن :

1-مانەوەی ددانی ئاقڵی لەژێرپووک و گیربوونی لەنێو شەویلاگ هۆکارە بۆ دروستبوونی کیس لە  بەشی کۆتایی ڕەگی ددان و فەرامۆشکردنیشی هۆکارە بۆ داخورانی ئێسکی شەویلاگ و بوونی ئازاری توند لەو ناوەندە.

2-لەئەگەری دەرهاتنی ددانی ئاقڵی بەشێوەی لار دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی خواردن لەنێوان ددانی ئاقڵی و ددانی تەنیشتی ، ئەمەش دەبێتە هۆی کلۆربوون و لەناوچوونی ددانی نزیک بە ددانی ئاقڵی، سەرەنجام بە زۆری بە دەرهێنان و فەوتانی هەردوو ددان  کۆتایی دێت.

3-مانەوەی ددانی ئاقڵی زۆرجار دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی گۆشتی زیادە لەسەر ددانەکە کەلە شێوەی تۆپی گۆشتنن و دەبێتە هۆی ڕێگری لەپاک بوونەوەی ددان و هەوکردن و بۆنی ناخۆش و ئازاری زۆر لەکاتی جووینی خۆراک و بەرکەوتنی.

4-هێشتنەوەی ددانی ئاقڵی زۆر جار ڕێگرە لە پڕۆسەی ڕاستکردنەوەی ددان بەهۆی قەبارە گەورەکەی یاخود بەهۆی لار هاتنی ،چونکە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە پێویستە بۆ ڕاستکردنەوەی ددان، بۆیە زۆربەی جار پزیشکی ڕاستکردنەوەی ددان هەڵدەستێت بە لابردنی ددانی ئاقڵی .
چی پێویستە لەکاتی دەرهێنانی ددانی ئاقڵی ؟ 

1-پێویستە نزیکی ددانەکە  لە دەماری نێو شەویلگە بزانریت ئەویش بەهۆی گرتنی چەند جۆرە تیشکێک وەکو (CBCT,OPG).(لابردنی ددانی ئاقڵی تەنها لەشەویلگەی خوارەوە پێویستی بەخەملاندنی نزیکی دەماربە ددان هەیە ، بۆیە زۆرکات لابردنی ددانی  ئاقڵی سەرەوە کردارێکی بێ کێشەیە ).
2-پێویستە نەخۆش دوای دەرهینانی ددانەکە بەشێوەیەکی باش و کاریگەر پابەندبێت بە ڕێنمایەکانی پزیشکی ددان دەربارەی پاراستنی پاکوخاوێنی و بەکارهێنانی دەرمانی دژە هەوکردن . چونکە لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی ڕێنمایەکانی پاراستنی پاکوخاوێنی لەوانەیە ببێتە هۆی هەوکردنی توند و ئازاری زۆر و بۆنی ناخۆشی دەم ئەویش بەهۆی کۆبوونەوەی بەکتریاو چڵکی خواردن لەنێو قوڵایی شوێنی ددانە دەرهاتووەکە .
بێگومان هیچ کارێکی خولقێنەری زەوی و ئاسمان بێ مەبەست نیە ، ددانی ئاقڵیش سەرچاوەی پاراستنی ئیسکی شەویلاگە و ڕێگرە لە پووکانەوەی ئەگەر کلۆر نەبێت یاخود بەشێوەی لار نەهاتبێتە دەر یانیش گیرنەبووبێت لە پووک و ئەو کەسانەی خاوەنی شەویلاگی گەورەن پێویست بە پاراستنی ددانی ئاقڵی دەکات ئەگەر بێ کێشە بێت ددانەکە چونکە لەئەگەری لابردنی هۆکارە بۆ دروستبوونی بۆشایی و جوڵەی ددانەکانی بەشی پێشەوەی شەویلاگی مرۆڤ.

زۆرترین بینراو