خودموختاری، فیدراڵی و سه‌ربه‌خۆیی!!

هەژار رەحیمی

 ئێستا له‌ پانتایی گشتی كۆمه‌ڵگادا به‌ شێوه‌ی جیاواز باس له‌م دوو چه‌مكه‌ و چه‌مكی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار ده‌كه‌ن و، له‌ زۆربه‌ی جاره‌كاندا به‌ بێ ئه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی زه‌مانی و مه‌كانی و فه‌لسه‌فه‌ی وجودیی هه‌ڵگرتنی ئه‌و درووشمانه‌ له‌ به‌ستێنی خه‌باتی رزگاریخوازی كورد بكه‌ینه‌وه‌، ده‌یانده‌ین به‌ گژ یه‌كدا و وا وێنایان ده‌كه‌ین كه‌ دژ به‌ یه‌كن و دانوویان به‌ یه‌كه‌وه‌ ناكوڵێ و، به‌مجۆره‌ دواجار به‌ درووستكردنی جبهه‌گیرییه‌كی ناڕه‌وا، پێكدا ده‌چین و ، به‌شێكی به‌رچاو له‌ هێز و وزه‌ی بونیادنه‌ری خۆمان به‌هه‌ده‌ر ده‌ده‌ین. 
 كاتێك كه‌ سه‌یری به‌ستێنی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كورد و كۆی ئه‌و دروشمانه‌ی كه‌ هه‌ڵگیراون، ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌مان بۆ روونده‌بێته‌وه‌، كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان له‌ جه‌وهه‌ردا بۆ یه‌ك خاڵی سه‌ره‌كی و بۆ نه‌هێشتنی ناهاوسه‌نگی و نارێكییه‌ك كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا به‌دیهاتووه‌، به‌كارهاتوون. كه‌واته‌ چ خودموختاری بێت و چ فیدراڵی و چ سه‌ربه‌خۆیی، له‌ راستیدا جه‌وهه‌ری پرسه‌كه‌ یه‌ك شته‌ و ئه‌ویش نه‌هێشتنی ئه‌و ناهاوسه‌نگییه‌یه‌، كه‌ له‌ هه‌رسێ حاڵه‌ته‌كه‌دا(به‌ سه‌رنجدان له‌ تایبه‌تمه‌ندی بزووتنه‌وه‌ی كورد)، پرسی نه‌ته‌وه‌یه‌. 
بۆیه‌ هه‌رجۆره‌ به‌ره‌ درووستكردنێك له‌ نێوان ره‌وتی فیدراڵی و ته‌نانه‌ت خودموختاری و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئێستا و رابردووی خۆمان به‌ گوێره‌ی ئایدیاله‌كانی زه‌ینمان(له‌ ئێستادا)، كه‌ سه‌ربه‌خۆییه‌، ناتوانێ له‌ به‌دیهێنانی سه‌ربه‌خۆیی كاریگه‌ر بێت. به‌ تایبه‌تی له‌وباره‌شه‌وه‌ كه‌ دڵنیام پشكی شێری باجێك كه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی پێویسته‌ بیده‌ین، له‌ داهاتووشدا له‌سه‌ر شانی ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ له‌ رابردوودا خودموختارییان ویستووه‌ و ئێستاش فیدراڵی.
ئه‌وه‌ی گرنگه‌ هه‌مووان بیكه‌ین (به‌ حیزب و ده‌سته‌ و تاكه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌) به‌دیهێنان و جێگیركردنی هزری نه‌ته‌وه‌خوازییه‌ له‌ زه‌ینی تاك به‌ تاكدا و، به‌ بڕوای من، باری لاری میژووی كورد و سه‌رجه‌م ئه‌و نه‌هامه‌تی و ده‌رده‌سه‌رییانه‌ی به‌ سه‌رماندا هاتوون، به‌ سه‌ربه‌خۆیی راست و چاره‌سه‌ر ده‌بن.
بێگومان سه‌ربه‌خۆیی له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌به‌ركردن وگه‌ره‌نتیكردنی ماف و ئازادییه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كی ژێر ده‌سته‌، ئایدیالێكی هه‌ره‌ باڵایه‌، به‌ڵام پێویسته‌ بزانین ئه‌و ئایدیاله‌ ده‌بێ له‌ رێگایه‌كی واقعییه‌وه‌ به‌دیبێت. هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وامان لێده‌كات تێگه‌یشتنمان بۆ خودموختاری(قۆناغێكی میژوویی تێپه‌ڕ بوو) و فیدراڵی، كه‌مێك كراوه‌تر بكه‌ین، تا دواجار  سه‌رجه‌م هێز و وزه‌ و تواناكانمان بخه‌ینه‌وه‌ سه‌ر یه‌ك به‌ره‌و ئامانجه‌ ئایدیالی و مه‌زنه‌كه‌.

زۆرترین بینراو