زۆربەی تۆڕەكانی ئاوی خواردنەوە پێویستییان بە نۆژەنكردنەوە هەیە

زۆربەی تۆڕەكانی ئاوی خواردنەوە پێویستییان بە نۆژەنكردنەوە هەیە

كەریم سمكۆ- زاری كرمانجی:
شێرزاد سەدیق، بەرپرسی بنكەی ئاوی سمیلان لە دیدارێكی زاری كرمانجیدا تیشك دەخاتە سەر گرفتی كەم ئاوی لە سنووری ناحیەی سمیلان و گوندەكانی دۆڵی رۆست و دەڵێت: ئەمساڵ بەهۆی وشكە ساڵییەوە گرفتێكی زۆری كەم ئاوی خواردنەوە رووی لە سنوورەكەمان كردووە .
سەرەتا گووتی: "لەم ساڵانەی رابردوو كۆمەڵێك پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە لە سنوورمان جێبەجێ كراون بۆ پێنج گوند، بەڵام پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی گوندی بنقەڵات بەهۆی غەتاسەوە سوودی لێوەردەگیرێت و ئاوەكەی بۆ بەشێكی سەنتەری ناحیەی سمیلان دێت، هەروەها پڕۆژی ئاوی خواردنەوەی گوندی ماوان لە كۆتایی ساڵی 2020 دەستی پێكرد و سەرەتاكانی 2021 بە نیوەچڵی تەواو كرا، چونكە بۆڕی سەرەكی نەگۆڕدراوە و نۆژەن نەكراوەتەوە، ئەمەش كێشەی بۆ پڕۆژەكە دروستكردووە و بەهۆی كۆنی بۆڕییەكە سوودی نەماوە، ئیدی لەم پڕۆژەیەدا تەنها تۆڕی ناوخۆی گوندەكە نۆژەنكرایەوە.
سنووری ناحیەی سمیلان 36 گوند لەخۆ دەگرێت و نزیك بە 4 هەزار كەسیشی تێدا دەژیت، لە چەند ساڵی رابردوو بەهۆی رووداوی سروشتی و لافاو بەشێكی زۆری تۆڕی ئاوی خواردنەوەی سەنتەری ناحیەی سمیلان و گوندەكانی دۆڵی رۆست زیانێكی زۆریان بەركەوت و تا ئێستاش كاریگەری بەسەر ناوچەكەوە دیارە و كێشەی كەمئاوی بنبڕ نەبووە.
 بەرپرسی بنكەی ئاوی سمیلان ئاماژە بەوەدەكات: "ئەو پڕۆژانەی لە بواری ئاوی خواردنەوە لە سنوورەكەماندا جێبەجێكراون، نەیانتوانیوە سەدا سەد گرفتی كەم ئاوی لە سنوورمان چارەسەر بكەن، هەرچەندە بەشێكی بووەتە چارەسەر، بەڵام ئێستاش سنوورەكە گرفتی كەمئاوی پێوە دیارە، وە ئەو پڕۆژانەی پێشتر ئەنجامدراون، زۆربەیان بەهۆی كۆنبوون و شكانی بۆڕییەكان پێویستییان بە نۆژەنكردنەوە هەیە.
دەشڵێت: "ئاو سەرچاوەی ژیانە، هەر ناوچەیەك ئاوی لێ نەبێت، ژیان كردنی تێدا ئەستەم دەبێت  و  پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵەكانی چڕتر بكاتەوە بۆ سوود وەرگرتن لە سەرچاوە ئاویەكان و دروستكردنی بەنداوی بچووك لە ناوچەكە، بۆ گلدانەوەی ئاو بۆ ئەوەی لە هەر ئەگەرێكی وشكە ساڵی سوود لەو سەرچاوانە وەربگرێت.
سەبارەت بە كاریگەری وشكە ساڵی و دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە بە تانكەر لە سنوورەكەیاندا، بەرپرسی بنكەی ئاوی سمیلان رایگەیاند: "بەهۆی وشكە ساڵییەوە كێشەی كەم ئاوی ڕووی لە هەموو شوێنێك كردووە و ئێمەش لەو كێشەیە بەدەر نین، زۆر لە سەرچاوەكانی ئاوی خواردنەوەی سنوورمان كەمیان كردووە و بە شێكیشیان وشكبوون، بەڵام ئێمە وەكو بنكەی ئاوی سمیلان لەڕێگای بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەورووبەری هەولێر توانیومانە لەرێگەی بەرنامەی وشكەساڵی و لەڕێگای تانكەر ئاو بۆ 8 گوندو چەند گەڕەكێكی سەنتەری ناحیەی سمیلان و نزیكەی پێنج قوتابخانەی گوندەكانی سنوورمان دابین بكەین، ئەمەش رۆژانە ئەركێكی گرانی خستۆتە سەر شانی ئێمە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر لایەن هەن كە هاوكارێكی باشی ئێمەن وەك لقی 26ـی گوڵان و لێژنەی ناوچەی سمیلان و یەكەی ئیداری سمیلان و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری هەولێر زۆر پشتگیریمان دەكەن و بوونەتە هۆكاری ئەوەی ئێمە لەم قەیران و وشكە ساڵییەدا بتوانین گرفتی كەم ئاوی ئەگەر بە دابەشكردنی تانكەریش بێت بەردەوام بین و هەوڵی چارەسەری بدەین.
 لە كۆتاییدا شێرزاد سەدیق رایگەیاند: "بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستكەوتێكی گەورەیە و ئێمەش خواستنی زۆرمان هەیە بۆ ئەوەی لەم رێگایەوە كێشە و گرفتەكانمان لە بواری ئاوی خواردنەوە بۆ چارەسەر بكەن و بەتایبەتی دانیشتووانی ناوچە دوورە دەستەكان و گوندەكان چاوەڕێی زیاتری گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزارین, هەر لە رێگای زاری كرمانجییەوە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەم سنووری سمیلان لە رووی ئاوی خواردنەوە گرفتی هەیە و پێویستە ئاوڕی جددی لێ بدرێتەوە, ئاو واتە ژیان، ئەگەر دانیشتووانی گوندەكان ئاویان نەبێت، بێگومان گوندەكان بەرەو چۆڵبوون دەچن، بۆیە پێویستە هەرچی زووە كێشەی كەم ئاوی لە سنوورەكەمان چارەسەر بكەن.

زۆرترین بینراو