کرێکار لە نێوان ئەرک و ماف

رەوا موحسین

گومان لەوە دانیە  هەر کەسێک لە شوێنێک یا لەژێر چاودێری و فەرمانی خاوەن کارێک ئیش بکات بەرامبەر بە برە پارەیەک، پێی دەگوترێت کرێکار، جا گرنگ نیە کارەکەی چ پسپۆریەک بێت، گرنگ ئەوەیە خزمەتەکەی پێش کەش دەکات بە پابەندبوون بە رێنماییەکانی خاوەن کار لە شوێنی کارەکە.
بەڵام کۆمەڵێ ئەرک و ماف هەیە کە دەبێت (کرێکار و خاوەن کار) لەبەرچاوی بگرن لەکاتی واژووکردنی گرێ بەستی کارەکە و پابەندبن پێوەی لە شوێنی کارکردن.
کرێکار کێ یە: هەر کەسێکی ئاسایی کارێک ئەنجام بدات لە ژێر چاودێری و فەرمانی خاوەن کار، بەپێی گرێبەستی کار جا چ گرێبەستێکی نووسراو بێت یاخود زارەکی، خاوەنکار لەبەرامبەر ئەو کارە کرییەک دەدات بە کرێکارەکە بەێی گرێبەستەکە.
ئەو پێناسەی سەرەوە، پێناسەیەکی پوختی کرێکار بوو، واتا هەر تاکێک کار بکات لە کەرتی تایبەت بەپێی گرێبەستی کار کە لە نێوان خاوەن کار و کرێکارەکە ئەنجام دەدرێت، لەبەرامبەر ئەو کارەدا خاوەن کار مولزەمە کرێی کرێکارەکە بدات لە کاتی خۆی.
ئەرکی کرێکار چی یە لە کاتی کارکردنی :-
گرنگترین ئەرکی کرێکار بریتییە لە رایی کرنی ئەو ئیش و کارەی پێی سپاردراوە لەلایەن خاوەن کارەکەی بە شێوەیەکی رێک و پێک، هەروەها پابەندبوون رێنماییەکانی ئەو شوێنەی کاری لێدەکات، پاراستنی نهێنیەکانی شوێنی کار، کارکردن بۆ بەرەوپێش بردنی کارەکەی و داهێنانی بیرۆکەی نوێ، خۆتێوەڵنەدان لە ئیش و کاری تر جگە لەو ئەرکەی پێی سپاردراوە، پابەندبوون بە کاتەکاتی کارکردن و نابێت کریکار بەهیچ شێوەیەک لەژێر کاریگەری ماددە کحولییەکان بی لەکاتی کارکردن.


ئەرکی خاوەنکار چی یە بەرامبەر بە کرێکار:-

•    دەستەبەرکردنی کریکارەکە.
•    پێدانی پارەی بەشدارییەکان.
•    ئاسانکردنی ئەرکی لێژنەی پشکنین بە پێدانی گشت ئەو زانیاریانەی داوای دەکەن بەبێ شاردنەوەی هیچ زانیارییەک.
•    دانانی تۆماری تایبەت لە شوێنی کار بۆ : ناوی کریکاران، کرێی کرێکاران، تۆماری مۆڵەت و هەروەها تۆماری کریکاری تازە پێگەیشتوو و تۆماری تایبەت بە سەردانیکردنی لێژنەی پشکنین.
•    ئاگادارکردنەوەی بەرێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران لەکاتی کۆتایی هاتنی راژەی کرێکارێک یا بەکارخستنی کرێکاری نوێ.
•    دابینکردنی کەل و پەلی خۆپارێزی لەکاتی کارکردنی کرێکارەکە.
•    پێدانی مووچەی کریکار لەکاتی خۆی.


ئەو مافانە چین کە لەسەر خاوەن کار پێویستە کرێکارەکەی لێ بێ بەش نەکات:-
•    دەستەبەرکردنی کرێکار لە بەرێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران. دەبێتە هۆی پاراستنی مووچەی داهاتووی ئەو کرێ کارە، ئەگەر کری کارەکە بریاری دا واز لە کارەکە بهێنێت یاخود شوێنی کارکردنەکەی چیتر پێویستیان بەو کرێکارە نەما لەبەر هەر هۆیەک ئەوکات  کرێکارەکە دەتوانێ ئەو برە پارەیەی لە مووچەی مانگانەی لێی وەرگیراوە بەشێوەیەکی یاسایی داوای بکاتەوە لەبەرێوەبەرایەتی ناوبڕاو، یاخود ئەگەر هاتوو کریکارەکە بریاریدا بچێتە شوێنێکی تر کار بکات ئەوکات دەتوانێ خزمەتی کاری یەکەمی بگەرێنتەوە بۆ سەر کاری نوێ،  یان ئەگەر کرێکارەکە خانەنشین بوو ئەوکات بە هەمان شێوە دەتوانی پارەی دەستەبەرکراوی وەربگرێتەوە بەشێوەیەکی مانگانە یا پاداشتی کۆتایی خزمەت بە یەکجار.
•    دیاریکردنی کاتی کارکردنی کرێکار ٨ کاتژمێر زیاتر نەبێت و کاتی پشوو یەک کاتژمێرە ناچێتە نێو کاتی کارکردن.
•    بەکارهێنانی گشت کەل و پەلی خۆپارێزی کارکردن و رێنمایی چۆنیەتی بەکارهێنانیان دەکەوێتە ئەستۆی خاوەنکار.
•    هەفتەی یەک رۆژ کرێکار پشووی هەیە بە کرێی تەواو، و ئەگەر هاتوو لە رۆژی پشوو خاوەنکار کارێکی بە کرێکارەکە سپارد، ئەوکات دەبێ قەرەبووی بکاتەوە.
•    کرێکار مافی وەرگرتنی مۆڵەتی بێ مووچەی هەیە بۆ ماوەی ٢٠ رۆژ لە یەک ساڵدا. و مافی مۆڵەتی نەخۆشی هەیە  بۆماوەی ٣٠ رۆژ لە ساڵیکدا.

ئەگەر هاتوو خاوەن کار پابەند نەبوو بە یاسای کار و ماددەکانی،  وە پێدانی گشت مافەکانی کرێکار، یاخود کریکار هەر سکاڵایەکی هەبوو لە شوێنی کارەکەی، ئەوکات دەتوانی پەیوەندی بکات بە ژمارەی تایبەتی کریکاران (هێڵێ گەرم ٥٥٠٠) سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.

رەوا موحسین
کۆمەڵناس

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو