زمانی دایک لەنێوان مردن و پێشکەوتندا 

نیاز سیناوەیی
زمانی دایک ئەو زمانەیە کە منداڵ لەدایک و لەنێو خێزانی خۆیدا فێری دەبێت، بەناسنامەو زمانی یەکەمی مرۆڤ دادەنرێت، توانایی بەکار هێنان تێیدا لەلووتکەیە و بە ئاسانی بەکاردێت. شوناسی نەتەوەو هۆکاری بەستنەوەی تاکەکانەو یارمەتیدەرێکی باشی بیری ڕۆشنبیری و ڕەنگدانەوەی ڕەوشتە کۆمەڵایەتیەکانە.
ڕەسەنایەتی هەر نەتەوەیەک پەیوەستە بەو خاڵانەی کەبنچینەن بۆ هەر زمانێک و هەوڵدان بۆ فێربوونی زمانی دووەم و زیاتر.
گەشەسەندنی هەرزمانێک بەستراواتەوە بە دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی ئەو زمانە بەهاتنەکایەی وشەی نوی یان گۆڕینی واتایەکی نوێ بۆ وشەیەکی کۆن هەبوونی یاخوود دۆزینەوەی هاو واتایەکی کۆن.
هەرکات گەشەسەندن و پێشکەوتن لەزماندا هەبێت بێگومان چەندان هۆکاری ڕێگری و لەناوچوون هەبوون بەسەریەوە.
مردن و لەناوچوونی زمان ئەوکاتە دەست پێدەکات،کە منداڵ لەدایکبوو زمانی بیانی پێش زمانی خۆی بخات و زمانی ڕەسەنی بەزمانی دایکی نەزانێت یان دەست بەسەر داگرتنی کەلتوور و بارودۆخە سیاسیەکانی وەک ڕژێمە زۆرداریەکان کە قسەکردن بە زمانی دایک قەدەغە دەکەن.
کەواتا وەک نموونەیەکی بەرچاو لە کۆمەڵگای کوردی ئێستا زمان لەنێوان داهێنان و لەناوچوون خۆی دەبینێتەوە بەو هۆکارانەی تێکەڵ بەزمانی بیانی بووەو کاریگەری کەلتووری تری لەسەرە و لەهەمان کات بەردەوام فەرهەنگی دەوڵەمەنتر دەبێت و پاڵپشت بەو هۆکارانەی باسکران.
ئەنجام ئەوەمان نیشانەدات کە مردن و گەشەسەندن ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بەتاکەکانی کۆمەڵگا ،کەواتە: هۆکاری لەناوچوون و پەرەپێدانی زمان لەدەست تاک بەتاکی هەموو خێزانەکانە.
وە میدیای سەردەم ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لەهەردوو لایەنەوە.
گەر بمانەوێت پارێزبەندی بۆ زمان بکەین ئەبێت ئەو هۆکارانەی گەشەبەزمانەدەن نوێیان بکەینەوە و ڕێگری لەبەردەم لەناوچوونی دروست بکەین.

زۆرترین بینراو