كچە گۆڵپارێزەكەی رواندز پڕۆژەی گەورەی هەیە

كچە گۆڵپارێزەكەی رواندز پڕۆژەی گەورەی هەیە

سۆما ئیسماعیل- رواندز:
سیما دارا محەمەدی تەمەن 22 بەهارە، دانیشتووی قەزای رواندزە، ئەو ئێستا قوتابییە لە پۆلی دوازدەی ئامادەیی.
هەر لە تەمەنی منداڵییەوە حەز و  ئارەزووی تۆپی پێی هەبووە، وەك خۆی گووتی " سەرەتای دەست پێ كردنم لە چاڵاكی قوتابخانەكان بووە، دواتریش وەك گۆڵپارێزی خولی فووستالی یانەی رواندز بەشداریم كرد".
ئەم یاریزانە كچە بە هۆی لێهاتوویی و خەونی گەورەترییەوە لە بواری وەرزشی دوای بەشداریكردنی لە چەندین خول و دەركەوتنی تواناكانی بووە جێگەی تێرامانی یانەكانی دیكەی كوردستان و داوای لێكراوە لە چەندین یانە یارییان بۆ بكات، بۆیە ئێستا لە هەڵبژاردەی كچانی سۆران بەردەوامی بە تۆپی پێ دەدات.
گۆڵپارێزە دیارەكەی تیپی تۆپی پێی سۆران، لە بارەی ئاستەنگەكانی بەدی هێنانی حەزە وەرزشییەكانی گووتی " ئاستەنگەكان زۆرن، بەڵام دەبێت پشتگوێیان بخەین، تا بە ئامانج و خەونەكانمان بگەین، خانەوادەكەم زۆر هاوكارمن بەتایبەتی براكانم كەیوان و رەشوان، ئەوان هەمیشە پاڵپشتم بوونە".
ئەو پێی وایە بارودۆخی كوردستان بۆ بەدی هێنانی ئارەزووەكانی لەبارە، بەڵام ماندوو بوونیشی دەوێت، وەك گووتی " تا ڕادەیەك دۆخی كوردستان لەبارە، بەڵام گەیشتن بە ئارەزووەكان زۆر زەحمەتە و هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆری دەوێت، لە هەمووشی گرنتر ئەوەیە نابێ كۆڵ بدەین".
سیما دارا، كچە گۆڵپارێزەكەی دەڤەری سۆران لە بارەی داهاتووی وەرزشی خۆی دواو گووتی " پڕۆژەم ئەوەیە ببمە گۆڵپارێزێكی بە ناوبانگی كوردستان، لەوێشەوە نەوەستم هەوڵ دەدەم لەسەر ئاستی عێراق ببمە گۆڵپارێزێكی دیار".
ئەو یاریزانە لە كۆتایی قسەكانیدا ماندووبوونی كەسانی دەورووبەری لە بیر نەكرد و سوپاسی كردن وەك ئاماژەی پێدا " دەمەوێت سوپاسێكی تایبەتی بەڕێزان كاپتن هێرش و جەمال و هەڵاڵە بكەم كە هەمیشە پاڵپشتی من و زۆری كەسی دیكەش بوونە بۆ گەیشتن بە خەونەكانمان".

 

زۆرترین بینراو