لە پەراوێزی ئازادیدا

دڵزار حەسەن

سارتەر لە فەلسەفە وجودیەكەیدا، بوونی مرۆڤ دەبەستێتەوە بە جۆرێك لە ئازادی كە بەدەستی هێناوە، بۆیە دەڵێت: ئازادی ماهییەت و جەوهەری مرۆڤ نییە، شتێكە مرۆڤ بەدەستی دەهێنێت. یانی شتێك نییە بەناوی ئازادی (چەسپاو، سروشتی) لە مرۆڤدا، بەڵكو مرۆڤەكان لە ڕێگای بوونیانەوە بە هەوڵ و كارەوە بەدەستی دەهێنن. ئەوەش دەبەستێتەوە بە جۆرێك لە ئازادی لە فەزای گشتیدا و دەڵێت: ئازادی توانا و بەهرەیەكە بە هۆی ئەوەوە مرۆڤ دەتوانێ خۆیی و جیهان بگۆڕێ، ئازادی بەكارهێنانی توانای مرۆڤە بۆ ژیانێكی باشتر، ئەوەش دەلالەتە لەسەر ئاگایی ئینسان لە دۆخی بووندا. 
لای سارتەر گەلێك ناتوانێ گۆڕانكاری بكات كە تاكەكانی ئازاد نەبن، ئازادی بەدیهێندراویش پەیوەندی بە دۆخی هۆشیاری و ژیری تاكەوە هەیە. ناكرێ تۆ باسی گۆڕانكاری بكەیت كە هۆشت لای ئەو واقیعەنەبێت كە دەستەمۆی كردووی، دەبێ پرسیار لەو نا ئاگاییەی خۆت بكەی كە دایبڕاندووی لە خۆت و كۆمەڵگەكەت. ئەوەش وایكردووە كە هەمیشە دەسەڵات بە هۆشیاریەوە مامەڵە بكات و تۆش جگە لە جەستەیەكی خەواڵوو، هیچ شتێكی دیكە بەو واقیعەت نەبەستێتەوە. بۆ نموونە كاتێك پرسیار لە خۆمان دەكەین بۆ ئەو دۆخەی خۆمانمان پێناگۆڕێت!؟. هۆیەكەی ئەوەیە تۆ نوستووی، لە خەیاڵ دەژیت و هیچ پەیوەندیەكی ئۆرگانی ناتبەستێتەوە بەو واقیعە، بۆیە ناتوانی هیچ گۆڕانكاریەك بكەیت، بەس لەلایەكی دیكەوە دەسەڵات بە ئاگاییەوە دۆخەكە دەبات بەڕێوە و دەشزانێ چۆن هەڵس و كەوت دەگەڵ هەردوو ژینگەكەدا بكات، ژینگەی ئێمە و خۆشی، بەڵام ئێمە تەواوەك دابڕاوین لەو هەستەی دەسەڵات و لە وەهم و خەیاڵ دەژین، یانی ئەو لە ئاقارێك و ئێمەش لە دۆڵێكدا دەژین. هەرچەندە لای سارتەر مرۆڤ ئازادە و توانای خۆڕادەستكردنی بە دنیایەك چارەنووس هەیە، لە هەمانكاتیش توانای بەرەنگاربوونەوەی چارەنووسەكانیشی هەیە، بەلام ئێمە خۆمان ئەو چارەنووسەمان بۆ خۆمان هەڵبژاردووە، چارەنووسی بێدەنگ بوون و لەگەڵ دۆخەكە رۆیشتن!؟. هەرچەندە ئازادی لە جەوهەردا، ناسینی ئازادی كەسانی ترە و پێویستە لەلایەن ئەوانی دیكەوە ئاوا بناسرێ.  
لێرەدا ئێمە و دەسەڵات وەك یەك، نە ئازادی دەناسین و نەك وەك یەكیش پەیڕەوی ئازادی دەكەین. دەسەڵات لای ئێمە ئازادی ڕەهای هەیە و بێئەوەی بوار بە ئازادی بەرانبەر بدات، هۆیەكەی ئەوەیە مومارەسەی ئازادی لە كۆمەڵگەی ئێمەدا تاك لایانانەیە، یانی یەك دیوی ئازادیمان نمایشكردووە، ئەوەی دیكە پەرچەكردارە، نەك ئازادی. تاكی ئێمە لە پەراوێزی ئازادی دەژیت، كە دەسەڵات بۆی خۆڵقاندووە، نەك خۆی بەدەستی هێنابێ. ئازادی ئەوەیە بەدەستی بهێنیت، نەك بۆت بڕەخسێنن، چونكە هەركاتێك بیانەوێت لێت دەستێننەوە. ئەوەی لێرە دەگوزەرێت ئازادی فەراهەمكراوە، نەك بەدەستهاتوو. هەر ئەوەشە وایكردووە هیچ بزوتنەوە و هێزێكی گۆڕانخواز، مەبەستەكەی بستێك بەرزنەبێتەوە، چونكە خۆی لە جەوهەردا ئەو ئازادیەی بەدەست نەهێناوە، تا هەوڵ بۆ گۆڕانكاری بدات، بەڵكوو دەسەڵات دەرگای بۆ ئەو ئازادیە كردووەتەوە، هەركاتێك بییەوێت دەرگاكە دادەخات. ئێمە تا ئێستا لە نێو ئازادیەكی زەینی دەژین، ئازادی نەبۆتە كلتور، نەبۆتە ماهییەت. ئەوەی هەیە ژیانە لە پەراوێزی ئازادیدا. 
ئاخر ناكرێ تۆ بێئاگابی لە پێگەی خۆت، لە بوونت كە خۆت بونیادت نەهێنابێ، چۆن دەكرێ باس لە ئازادی وەدیهێنراو بكەین!؟. 
من لایەنگری ئازادی شۆڕشگێڕانە نیم، چونكە هەمیشە گروپ و كەسە شۆڕشگێڕەكان دواجار بوونەتەوە بە ستەمكار و فاشی. من باوەڕم بە جۆرێك لە ئازادی هەیە كە بەها و پێگە بە وجودی مرۆڤ بدات، مرۆڤ لە قالب دەربهێنێت و بیداتەوە دەست، خۆی، هەرچەندە لەو شەڕەدا زۆر بەكەمی مرۆڤەكان براوەدەبن و دەسەڵات براوەی یەكەمە، بەس ئەو جەنگە درێژەی دەبێ تا مرۆڤ دەگات بەو ئازادیە. سارتەر ورد لەسەر ئەو جۆرە ئازادیە دەوەستێت و پێمان دەڵێت: ئازادی ئاكارێكی دەروونی نییە كە مۆڵەتی دابڕان لە پێگەكان بدات....، بە پێچەوانەوە ئازادی توانای دەستەویەخە بوونە لەگەڵ كار و بونیادنانی داهاتوودا. لەمەدا سارتەر جۆرێك لە تێگەیشتن بۆ ئازادی دیاریدەكات كە وابەستەی دەكات بە كار و گەیشتن بە داهاتووەكی جیاوازتر. سارتەر مرۆڤ دەباتەوە سەر حاڵەتی وجوودیانەی خۆیی و دەڵێت: رێگاچارە نابێ و ناكرێ هەڵبژێردرێ، رێگاچارە دەبێ دابهێندرێ، بخوڵقێندرێ. لەوەدا مرۆڤ لەسەریەتی دەربازی بێت لە خەیاڵ و خۆزگە و هەڵبژاردنی خەیاراتەكان، خراپتر بۆ باشتر، یان باشتر بۆ باشترین، بەڵكو مرۆڤ لەسەریەتی شت بخوڵقێنێ، ئازادی تازە لە هەناوی خۆیی و كۆمەڵگەدا بەدیبهێنێ.

زۆرترین بینراو