لە دروشمی گەش بۆ رەوشی رەش

بەهرە حەمەڕەش
کاتێک پرەنسیپ و دسپلین لاوازبوو یان بەرەو نەمان چوون، بە تایبەتی ئەگەر ببێتە کەشی گشتی کۆمەڵگە، دەبێتە دیاردە چونکە لە رێگەی کەشی گشتی دیاردە دروستدەبێت و کاریگەری لە سەر دەکاتە سەر خەڵک.
 بەپێی خوێندنەوەکان لە ساڵانی شەست تا هەشتاکان، هزری چەپ و بزووتنەوەی رزگاری نەتەوەیی وەک کەشی گشتی سەردەستی کۆمەڵگە بوو، ئەمە وایدەکرد، کە گەنجەکان روو لە شاخ و شۆڕش بکەن. بەدوای خوێندنەوەی کتێب و پەیداکردنی سەرچاوەبوون لە سەر ئەم دوو بیروباوەڕە. ئەوانەی لە ناو شاریش بوون، روویان دەکردە رێکخستن و کاری هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، بۆیە ئینتیما بۆ خاک و نەتەوە لە ئیستا پتەوتربووە. چەندین کەس ئامادەی گیان بەختکردن بوون لە سەر مافەکانیان، بەڵام بەداخەوە دوای سەرهەڵدانی ساڵی ١٩٩١ بە تایبەتیش پاشەکشێی بزووتنەوەی نەتەوە و هزری چەپ وایکرد، کە هزری کۆنە پەرستی و جۆرێک لە بەرەڵایی هزر سەردەستی کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی بە گشتی و لە ناویشیدا کۆمەڵگەی کوردی بێت. لە گەڵ کرانەوەی کەشێک، کە هەموان پیی نامۆبوون ئەویش گوزارشت بوو لە بیروڕای سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری بۆیە گەڕەلاوژەیەک دروستبوو، کە تا ئێستاش بە فۆرمی جیاواز بەردەوامە.
ئەم عەقڵە کۆنەی، کە لە سایەی حزبە خۆماڵییەکان پەرەی سەند، سودی لە مێژووی خەبات و ژێردەستەیی وەرنەگرت، تەنیا یەک دەنگ و رەنگ دەناسێت و نەک تەنیا رەنگەکانی دیکە قبوڵ ناکات بەڵکو دژیشیان دەوەستێتەوە. ئەمەش جۆرێک لە ناکۆکی لە نێوان عەقڵی کۆن و هێرشی پێشکەوتن و تەکەنەلۆژیادا دروستکرد. هەروەها هێزەکانی تری نەتەوەیی و سیکۆلار یان مۆدێرن، دابڕانێکیان لە نێوان هێزەسیاسییەکان و بەرەی رۆشنبیری و هزر دروستکرد. لە جیاتی ئەوەی، کە رۆشنبیر رۆڵی هەژمون ببینێت و سیاسی رۆڵی دەسەڵات، لە ئەنجامدا سیاسی هەردوو رۆڵی مۆنۆپۆلکرد، لێرە رۆڵی ئەستاتیکا لاواز بوو. لە بەرامبەردا عەقڵیەتی توندڕەو سەردەست بوو، وەک قاعیدە، داعش و هێزەکانی تر، چونکە کە سیاسی نەیتوانی هێز بداتە رۆشنبیر- رۆشنبیریش زمانی نەدا بە سیاسەت. بۆیە حزبەکانی تری سیکۆلار و مۆدێرن، تەنیا بواری هێزیان بینی، بەرە بەرە گروپی رۆشنبیر لە حزبەکان و سیاسەت دوور کەوتنەوە، لە کۆمەڵگەیەکی سەربازی یان جەنگەڵی دروستبوو، کە تێیدا بەهێز بێهێز دەخوات و لۆژیک رۆڵی نییە.
ئەمە وایکرد، کە ئەو عەقڵەی دەتوانێ بیر بکاتەوە لە جیاتی بەشداری دیمەنی سیاسی بکات، بووە بینەرێکی تەمبەڵ و جۆرێک لە بەرەڵڵایی هزر لە ناو حزبەکان و دیمەنی سیاسی دروستبوو. رەوشێکی هێنایە ئارا، کە مرۆڤەکان لە دوو رووییەکی کوشندەدا خۆیان بینییەوە، کە بووە هۆکاری نامۆبوون لە کاراکتەری مرۆڤدا، خەڵک دەبینێت، کە دوێنێ چ ستەمێکی بینی و بۆچی تێدەکۆشا، ئەمڕۆ چی بەسەردێت؟ دەپرسێت ئایا ئێمە بۆ ئەوە بەرگەی ئەو هەموو ترس و تۆقینەمان گرت؟
لەو کاتەوە زانیمان، کە ئەلتەرناتیڤی نەتەوە پەروەری و خزمەتکردن بووەتە گیرفان، جۆرێک لە بێهیوایی و بێهودەیی لە ناو خەڵك چەکەرەی کرد، تا گەیشتە کەشی گشتی، ئێستا زۆرینە بێباوەڕە بەم رەوشە و بە دوارۆژیش. کاتێک دەبینین، کە ئەم فتبۆڵە بەرگەی ئەم هەموو فشارە هەواییە ناگرێت و لە کات و شوێنی خراپدا دەتەقێت. سەرباری دەستوەردانی دەوروبەر، پەتای کۆرۆنا، ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری، ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی گەیشتووەتە لوتکە، دیمەنێکی رەشبینی هەموانی گرتووەتەوە تەنیا ئەوانە نەبێ، کە سەریان لە ئاخوڕەکەدا گیری کردووە.
لەم رەوش و کاتەدا ئەگەر پارتەکانی باشور بیانەوێ شتێ چارسەربکەن، دەبێ ئاوڕێک لە رۆشنبیری ئۆرگان/ بەشداری چالاک و رۆشنبیری کلاسیک/ بینەری تەمبەڵ بدەنەوە، نەک رەوشی ئێمە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، چونکە بەربەرە نائومێدی و بێهودەیی، مرۆڤەکان و کۆمەڵگەی ئێمە داگیردەکات، کە نەگونجاوە لە گەڵ گۆڕانکارییە ناوخۆیی و ناوچەییەکانیشدا.
خاڵێکی تر، کە بێهودەییەکانی زیاتر و خەستترکردووە، جۆرێک لە کڕین و فرۆشتنی کادر لە ناو حزبەکاندا دروستبووە. ئەمەش دەرئەنجامی ناکۆکی ناتەندروستە لە نیوان پارت و پێکهاتە کوردییەکان، ئەوانەی دوێنێ باسی مەدەنیەت و کۆمەڵگەی دیموکراسییان دەکرد ئەمڕۆ خەریکی دامەزراندنەوەی دیوەخان و عەقڵیەتی عەشیرەتگەرین. پەرلەمان لە جیاتی وەک دامەزراوەیەکی مەدەنی و دیموکراتی کاربکات پەرلەمانتاری وەک ئیمتیاز دەدرێت بە کوڕی عەشیرەت و ئاغا و کوێخا، گرنگی بە تەکیە، خانەقا، شیێخ و مورید دەدرێتەوە. بۆیە بێهودەییەکی کوشندەتر لەوەی پێشوو دێتە کایەوە، چونکە ئێمە دەمانویست رووی مەدەنی خۆمان پیشانی جیهان بدەین. بەم هەڵسوکەوتەی حزبەکانی ئێمە، لە ئامانجە نەتەوەیی و کوردستانییەکان دوورکەوتووینەتەوە. لە بەرئەوەی، هەرگیز عەقڵیەتی خێڵ ناتوانێ کار لەسەر نەتەوە سازی و پەرەدان بە هزری نەتەوە بکات، بەمەش خەباتی سەدساڵەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردی لە گۆڕ دەنێن.
داخێکی گەورەتر، لە بە دیوەخانکردنی پەرلەمان و دەزگا حکومی و حزبییەکان، زانکۆکانیش بوونەتە شوێنی بەرهەمهێنانەوەی عەقڵیەتی سواو و دیوەخانی، لە کاتێکدا ئەرکی زانکۆ دروستکردنی ئێلیتە/ نوخبەیە و ئیشی نوخبە ئەوەیە، کە چۆن بتوانێت کەشێکی گشتی دروستبکات. ئەم کەشە گشتییە چۆن خەڵک پەروەردە و ئاراستە بکات. بە پێچەوانەوە بووە شوێنی نمایشی سامان، واستە، واستەکاری و مامۆستایانی حزبی بێ زانست.
لە ئەنجامدا کەشێکی پڕ لە بەرەڵڵایی و دوورووی گشتی دروست دەبێت، ئەمە سەرەتا لە ناو هزر دەستپێدەکات و لە بەرژەوەندی و گیرفان پڕکردن و تاڵانی کۆتایی پێدێت.
ئێستا لە هەرکاتێک زیاتر پێویستمان بە بلۆکێکی هزرییە، کە بتوانێت خەڵکێک لە خۆی کۆبکاتەوە، مەرجەکانی خەڵکێکی بەتوانای هەبێت، کە سەر بە پارتەکان یانیش سەربەخۆ بن بۆ ئەوەی ئەم بلۆکە بیر لە نەخشەرێگا و رێگاچارەیەک بکاتەوە، چونکە ئەگەر کۆمەڵگە لە هزروبیروباوەڕدا شکستی خوارد. ئەوە ئەم کۆمەڵگەیە، ئەمڕۆ یان بەیانی تووشی چارەنوسێکی رەش دەبێت و لە بێهودەییدا دەخولێینەوە.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو