تا ئێستا لە سیدەكان هیچ موڵكێك تاپۆ نییە

تا ئێستا لە سیدەكان هیچ موڵكێك تاپۆ نییە

سەرۆكی شارەوانی سیدەكان: بەگوژمەی (263) ملیۆن دینار، گەڕەك لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكان بەشێوەی راستەوخۆ لە دەڤەرەكەمان جێبە جێ دەكرێن

دیدار-محەمەد هەسنانی

 سەرۆكی شارەوانی سیدەكان، لەسنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە دیدارێكی زاری كرمانجی تیشك دەخاتە سەر كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی سنوورەكەیان و ئاشكراشی دەكات، تائێستا خانو و و موڵكی هاووڵاتییان لە ناحیەكەمان تاپۆیان نییەو دەشڵێت "تا راددەیەكی باش كێشەی زێدەڕۆییمان چارەسەر كردووە.
 لەبەردەوامی قسەكانیدا عەبدولقادر حاجی ئەكڕەم، سەرۆكی شارەوانی سیدەكان، بە زاری كرمانجی رایگەیاند "سنووری شارەوانی سیدەكان هەشت گەڕەك لە خۆدەگرێت، خواست و ئامانجی ئێمە ئەوەیە كە بتوانین بە جوانترین شێوە خزمەتگوزاری جۆراو جۆر پێشكەش بە هاوشاریانمان بكەین، هەرچەندە تا راددەیەك خزمەتگوزاری پێشكەش بە هاووڵاتییان كراوە، بەڵام بەشێوەكی گشتیی وەك پێویست نەبووە و لە ئاست خواست و داواكاری ئێمە نییە، لەگەڵ ئەوەشدا  گەشبینین بەوەی  كە لە داهاتوودا پڕۆژەی زیاتری خزمەتگوزاری لە سنوورەكەمان ئەنجام بدرێت، چونكە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا گوژمەیەكی زۆر بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لە شارو شارۆچكەو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان تەرخان دەكرێت و ئایندەیەكی روونمان لەپێشە".
  لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی شارەوانی سیدەكان، ئاماژەی بەوەدا: " لەبەردەوامی كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەهەوڵ و ماندووبوونی سەرپەرشتییاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەڕێوەبەری ناحییەی سیدەكان و سەرۆكایەتی شارەوانیمان دەستمان كردووە، بە ئەنجامدانی پڕۆژەی چاككردن و تێكڵەڕێژكرن و قیڕتاوكردنی كۆڵان و شەقامەكانی گەڕەكی گوڵان و گەڕەكی فەرمانبەران لەسەنتەری ناحیەی سیدەكان، بە تەواوكردنی پڕۆژەكە خزمەتێكی بەرچاو بە دانیشتووانی ئەم گەڕەكانەو سیدەكان دەكرێت".
 ئاشكراشی كرد: "پڕۆژەی چاككردنی شەقام و كۆڵانەكانی ئەم دوو گەڕەكە، لەسەر بوددجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر بەگوژمەی (263) ملیۆن دینار، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكان بەشێوەی راستەوخۆ جێبە جێ دەكرێت، داوا كارین لە هاووڵاتییانی ئەم گەڕەكانە هاوكارو هەماهەنگ بن و بەربەستمان بۆ دروست نەكەن، لە پێناو جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە بەشێوەیەكی ئەندازەیی سەركەوتووانە".
  لەوڵامی ئەو پرسیارەی ئایا هۆكار چییە تائێستا زەوی و موڵك و خانووی هاووڵاتییانی ناحیەی سیدەكان تاپۆ نەكراون، سەرۆكی شارەوانی سیدەكان، ئاشكرای كرد: "تائێستا هیچ خانوو زەوی تاپۆی نییە لە ناحیەی سیدەكان، لەبەر ئەوەی نەخشەی بنەڕەتی و كەرتی نییەو موڵكی شارەوانییمان نییە، بەمەش زۆرجار لەكاتی دەرچوونی پڕۆژەیەك یان دروستكردنی بینایەكی حكومی گرفت لەبەردەممان دروست دەبێت، تا چارەسەری بۆ دەكەین دەبێت بە راوێژ لەگەڵ هاووڵاتییان و لایەنە پەیوەندیدارەكان یەكلایی بكرێتەوە، خۆشبەختانە رێگری نییە لەكاتی ئەنجام دانی پڕۆژە كانمان و بەشێوەیەكی گشتیی هاووڵاتییان هاوكاربوونە".
 عەبدولقادر حاجی ئەكڕەم، راشیگەیاند: "هەرچەندە پێشتر لە هەندێ شوێن دیاردەی زێدەڕۆیی و پێشەلكاری هەبووەو كەسانێك زێدەڕۆییان كردۆتە سەر شۆستەو شەقام و شوێنەكان، بەڵام دوای دەست بەكاربوونم وەك سەرۆكی شارەوانی سیدەكان، خۆشبەختانە لەئێستادا ڕێگامان بەهیچ زێدەڕۆییەك نەداوەو بەهاوكاری و هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ناحییەی سیدەكان، توانیوومانە رێگری لەم دیاردەیە بكەین و زێدەڕۆییەكان نەهێڵین.
  ناحیەی سیدەكان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە یەكێك لە كۆنترین ناحیەكانی هەرێمی كوردستان و دەڤەری سۆران دادەنرێت، كەوتۆتە سێگۆشەی سەر سنووری نێوان وڵاتانی كوردستانی توركیا و ئێران، بە دووری 144 كیلۆ مەتر لە باكووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵكەوتووە، ساڵی 1932 بووەتە ناحییە  خاوەنی 250  گوندە و ڕێژەی دانیشتوانی نزیكەی 20 هەزار كەسە".
  جێگەی ئاماژەیە: "دەستەیەك بەناوی بەڵێ بۆ بەقەزاكردنی ناحیەی سیدەكان، لە رۆشنبیران و گەنجانی سنوورەكە پێكهێنراوە، چەند داواكاری و یاداشتنامەیەكیان ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان و حكومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووەو خوازیارن لە داهاتوو ناحیەی سیدەكان بكرێت بە قەزاو دەستەڵاتەكانی ئەم ناحیەیە فراوانتر بكرێن"

زۆرترین بینراو