داكۆكی لە مافەڕەواكانی خەڵكی كوردستان دەكەین

داكۆكی لە مافەڕەواكانی خەڵكی كوردستان دەكەین

كاندیدی ژمارە ٢٣ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە بازنەی یەكی پارێزگای هەولێر، رایگەیاند: لە پەرلەمانی عێراق كار بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی كوردستان دەكەین و داكۆكیكارێكی سەرسەختی مافەكانی گەلی كوردستان دەبین و بەرگری لە مافە یاسایی و دەستوورییەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان دەكەین.
جوان عەبدولڵا عومەر، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە یاسا هەیە و قوتابیی ماستەرە لە یاسای گشتی،  ساڵی ١٩٨٩ لە شاری سۆران لەدایك بووە، ٧ ساڵ لە زانكۆی سۆران وەكو یاریدەدەری یاسایی و چەندین بەش و بەڕێوەبەرایەتیی جیاواز كاری كردووە.
كاندیدی ژمارە ٢٣ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە بازنەی یەكی پارێزگای هەولێر، گووتیشی: " لە پەرلەمانی عێراق دەنگی ڕاستەقینەی گەلی كورد دەبم و پەیامی پیرۆزی كوردستان و خەڵكەكەی دەگەیەنم و دڵنیاتان دەكەمەوە داكۆكیكارێكی سەرسەختی مافەكانی گەلی كوردستان دەبم و هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی كوردستان و بەرگری لە مافە یاسایی و دەستوورییەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان دەكەین".
جوان عەبدولڵا عومەر، دەشڵێت:" وەك كاندیدێك چەندین پرۆژە و بەرنامەی تایبەت بەخۆم هەیە، دەمەوێت لە پەرلەمانی عێرق كار بۆ گەنجان و دۆزینەوەی هەڵی كار بكەم، هەروەها پشتگیری لە ئافرەتان دەكەم پشتگیری لە هەر پرۆژە یاسایەك دەكەم كە بۆ ئافرەتان باش بێت، هەروەها كار لەسەر ئەو ماددە دەستوورییانە دەكەم كە تایبەتن بە هەرێمی كوردستان و تا ئێستا جێبەجێ نەكراون، چونكە زۆربەی كێشەكانی عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە تا ئێستا ماددە و بڕگەكانی دەستوور وەكو خۆی جێبەجێ نەكراون، دڵنیام ئەگەر هەموو ماددەكانی دەستوور وەكوی خۆی جێبەجێ بكرێن، سەقامگیری سیاسی باشتر بەرقرار دەبێت".
جوان ڕوونیشی كردەوە:" لەو ماوەی كە لە ناو خەڵك گەڕاوین پشتگیرییەكی زۆر باش لە كاندیدانی پارتی دەكرێت، ئەوەش بۆ ئەو متمانەیە دەگەڕێتەوە كە پارتی دروستی كردووە لەناو خەڵك، چونكە پێیان وایە ئەگەر پارتی نەبێت كوردستانیش نابێت، چونكە پارتی لە ماوەی رابردوو رووبەڕووی هەموو ئەو تەحەداتیانە بووتەوە كە رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە، وەك كاندیدێكی پارتی گەشبینم كە كاندیدانی پارتی زۆرترین كەس دەبن روو لە پەرلەمانی عێراق دەكەن و پەرلەمان بكەنە مینبەرێك بۆ داكۆكیكردن لە مافەڕەواكانی خەڵكی كوردستان، بۆیە وەكو پەرلەمانتارانی پارتی هەر وەك چۆن پێشتر كاریان كردووە و بەرگرییان لە دەستكەوتەكان كردووە و هەوڵیان داوە دەستكەوتی زیاتر بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بەدەست بێنن لەسەر هەمان رێچكە بەردەوام دەبین، چونكە خۆمان بە خاوەن قەزییەی كوردی دەزانین، بۆیە داوا لە خەڵكی كوردستان دەكەم رۆژی هەڵبژاردن روو لە سندۆقەكانی دەنگدان بكەن و دەنگ بە كاندیدانی پارتی بدەن".

زۆرترین بینراو