پێنج فیلمی كوردی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی هندستان بەشداری دەكەن
یەک شەممە, 25 تشرینی دووەم 2012 07:16

ZKW: وا پێشنیار كراوە فیلمی سینەمای "هێلانە سوتاوەكان" بەشداری لە خولی 15هەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی هندستاندا بكات، كە بە "چاوی سێهەم" ناسراوە و لە رۆژانی 3 تا 13 مانگی داهاتوو ساز دەكرێت.

فیلمی سینەمای "هێلانە سووتاوەكان" بە قارەمانێتی شوان عەتوف و شەهرام حەقیقەت دۆست و لە دەرهێنانی شەهرام غالب، لە مانگی ئایاری 2012 لە شاری سلێمانی نیشان دراو و بۆ ماوەیەكی درێژ نمایشەكانی بەردەوام بوو و بینەرێكی زۆری سینەمایی هەبوو.

بێگومان چیرۆكی ئەم فیلمە رووداوی راستەقینەی گەنجێكی هەڵەبجەییە كە پاش كیمیابارانی هەڵەبجە ئاوارەی ئێران بوو دوای ساڵانێكی درێژ دەگەڕێتەوە كوردستان و بە دایكی شاد دەبێتەوە.

هەروەها درێژی فیلمەكە كاتژمێرێك و پانزە خولەكە و لە هەریەك لە شارەكانی هەڵەبجە، سلێمانی و تاران وێنەی گیراوە.

لە خولی دەیەمی فێستیفاڵی نێودەوڵەتی هیندستان كورتە فیلمەكانی "زەمینی فووتباڵ" لە دەرهێنانی جەلال نەسیری هانیس، "كۆڵانەكەی پشت ماڵمان" لە دەرهێنانی شیلان سەعدی، "چوون" لە دەرهێنانی سالم سەڵواتی، "شیلەی بەرد" لە دەرهێنانی ستار چەمەنی گوڵ و "دەنگی باران" لە دەرهێنانی جەلال ساعیدپەناك پێنج بەرهەمی سینەماكارانی كوردن كە بۆ ئەو فێستیڤاڵە هەڵبژێردراون.