Skip to content
به‌رِێوه‌به‌رى بنكه‌كانى مافوورى ده‌ستكردى هه‌رێمى كوردستان: نامانه‌وێت مافووره‌كانمان وه‌ك به‌رهه‌مه‌كانى بازارِى ره‌شى لێ بێتء خه‌ڵك بازرگانى پێوه‌ بكات چاپکردن

زارى كرمانجى-هه‌ولێر: چاپووك قادر ره‌شید، به‌رِێوه‌به‌رى بنكه‌كانى مافوورى ده‌ستكردى هه‌رێمى كوردستان، له‌ دیمانه‌یه‌كى زارى كرمانجیدا، باس له‌ كاره‌كانییان ده‌كات و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات "دامه‌زراندنى بنكه‌كانى مافوورى ده‌ستكرد له‌ كوردستان، هه‌وڵێكه‌ بۆ به‌ زیندوو هێشتنه‌وه‌ى كه‌له‌پوورى نه‌ته‌وه‌ییمان".
ئنجا تیشكى خسته‌ سه‌ر دامه‌زراندنى به‌رِێوه‌به‌رایه‌تى بنكه‌كانى مافوورى ده‌ستكرد له‌ هه‌رێمى كوردستان و رایگه‌یاند "به‌ برِیارێكى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران، له‌ ساڵى 2008 به‌رِێوه‌به‌رایه‌تى بنكه‌كانى مافوورى ده‌ستكردى هه‌رێم دامه‌زراوه‌، له‌سه‌ره‌تاوه‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى پیشه‌سازى و وزه‌ بوو، دواتر خرایه‌وه‌ سه‌ر وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى، ئامانجیش له‌ دامه‌زراندنى ئه‌م بنكانه‌ بۆ به‌ زیندوو هێشتنه‌وه‌ى كه‌له‌پوورى نه‌ته‌وه‌ییمانه‌، له‌ هه‌موو وڵاتانى دونیادا كارى ده‌ستى، ره‌نگه‌ له‌ رووى چۆنایه‌تى و چه‌ندایه‌تى جیاوازییه‌كى زۆرى هه‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌و كارانه‌ى كه‌ له‌ بوارى میكانیكى ئه‌نجام ده‌درێت، كارى ده‌ستى وه‌ك كولتوور ئه‌ژمار ده‌كرێت. كوردیش یه‌ك له‌و میلله‌تانه‌یه‌ كه‌ چه‌ندین سه‌ده‌یه‌ بره‌و به‌ كه‌له‌پوورى خۆى ده‌دات، مافوورى ده‌ستكردیش یه‌ك له‌و كارانه‌یه‌ كه‌ له‌ نێو كولتوورى مێژووییمان دایه‌".
له‌به‌رده‌وامى قسه‌كانیدا به‌رِێوه‌به‌رى بنكه‌كانى مافوورى ده‌ستكردى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌وه‌ى خسته‌ روو "ئه‌مرِۆ له‌ هه‌رێمى كوردستان 7 بنكه‌ى مافوورى ده‌ستكرد هه‌نه‌، ئه‌وانیش له‌ سلێمانى، هه‌ولێر، دهۆك، كۆیه‌، هه‌ریر، به‌حركه‌، كه‌سنه‌زان، ژماریه‌كى زۆرى فه‌رمانبه‌ر له‌و بنكانه‌دا دامه‌زرێندراون، كه‌ هه‌موویان ئافره‌تن و كارى مافوور چنین ئه‌نجام ده‌ده‌ن".
ئه‌و به‌رِێوه‌به‌ره‌ گوتیشى "زۆربه‌ى پێداویستییه‌كانى مافوور له‌ وڵاتى ئێرانه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرێت، وه‌ك رایه‌ڵ، سوف، سوفى ئاوریشم، پێشتر له‌ وڵاتانى دیكه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرا، له‌ رێگه‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران، شاندانى ده‌ره‌وه‌ سه‌ردانى ئێمه‌یان كردووه‌، ئه‌وانیش بریتی بوونه‌ له‌ زۆر له‌وڵاتانى عه‌ره‌بى، له‌ به‌ریتانیا و پاكستان و توركیاو هندستان، له‌گه‌ڵیاندا سه‌ردانى چه‌ند ده‌ڤه‌رێكى هه‌رێمى كوردستانمان كرد، ئه‌وان به‌رنامه‌یان هه‌بوو كه‌ خوریى مه‌رِدارانى ناوخۆ بكرِدرێت، ئه‌م خوریه‌ له‌ كارگه‌ى رستن و چنینى كفرى ئاماده‌ بكرێت و ئافره‌تانى ئێمه‌ به‌ده‌ست بیرِێسن بۆ دروستكردنى مافوور، له‌م كاره‌ش له‌ دوو رووه‌وه‌ سوودمه‌نده‌، هه‌م له‌ رووى خوریه‌كه‌ كه‌ له‌مه‌رِداران ده‌كرِدرێت، هه‌م له‌ رووى كاره‌ ده‌ستییه‌كه‌ش، هه‌روه‌ها له‌ رووى نرخیشه‌وه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ هه‌رزان ده‌وه‌ستێت".
به‌رِێوه‌به‌رى بنكه‌كانى مافوورى ده‌ستكردى هه‌رێمى كوردستان، زیاتر درێژه‌ى به‌ قسه‌كانیداو گوتى "زۆر له‌ وڵاتان دێن داوامان لێده‌كه‌ن كه‌ ئێمه‌ گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ بكه‌ین، بۆ نموونه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا هاتوون گرێبه‌ستمان له‌گه‌ڵ كردوون، به‌ڵام تا ئێستا وه‌ڵامیان نه‌داوینه‌ته‌وه‌، كه‌ گرێبه‌ستێكمان بۆ ماوه‌ى پێنج ساڵ له‌گه‌ڵ مۆر كردوون، چونكه‌ هه‌ر كه‌ چاویان به‌ مافووره‌كانى ئێمه‌ كه‌وت زۆر پێى سه‌رسام بوون، هه‌روه‌ها زۆر خه‌ڵك له‌ ئێران دێن، ئێمه‌ نامانه‌وێت به‌رهه‌مه‌كانمان وه‌ك به‌رهه‌مه‌كانى بازارِى ره‌شى لێبێت  و خه‌ڵك بازرگانى پێوه‌ بكات، وه‌ك دیاریشه‌ ئه‌وانه‌ى له‌ده‌ره‌وه‌ دێن و داوا ده‌كه‌ن ئارِمى وڵاته‌كانى خۆیان له‌سه‌ر مافوور بنووسرێت، به‌ڵام ئێمه‌ ناى نووسین، به‌ڵكو ناوى كوردستان و شاره‌كانى هه‌رێم له‌ ژێره‌وه‌ى مافووره‌كان ده‌نووسین، له‌هه‌مانكاتیشدا به‌رهه‌مه‌كانمان ده‌فرۆشێت، كه‌سانێك له‌ ئاستێكى به‌رز دێن، وه‌ك وه‌زاره‌ته‌كان و شانده‌كان و ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ سه‌ردانى ده‌ره‌وه‌ ده‌كه‌ن، هه‌ریه‌كه‌ و جۆره‌ دیزاینێكى پێویسته‌، جگه‌ له‌وانیش هاوڵاتییان دێن مافوور ده‌كرِن، مافووره‌كانمان تا كۆنتر بن نرخه‌كه‌یان زیاتر ده‌بێت و ره‌واجیان زیاتره‌".
له‌ وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ى ئایا تا ئێستا خولیان بۆ كارمه‌ندانى بنكه‌كانى مافوور كردۆته‌وه‌ و توانیویانه‌ ئه‌زموون له‌ وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ وه‌ربگرن؟ چاپووك قادر ره‌شید، ده‌ڵێت "به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌ رێگه‌ى رێكخراوه‌كان سه‌ردانى وڵاتى ئیسپانیامان كرد، هه‌روه‌ها زۆربه‌ى به‌رِێوه‌به‌ره‌كان نێردراونه‌ته‌ توركیاو ئێران، له‌ پێناو ئه‌وه‌ى كاره‌كانى ئه‌م وڵاتانه‌ ببینن، ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تمان هه‌بێت هه‌وڵ ده‌ده‌ین فه‌رمانبه‌رانیش بنێرین بۆ ئه‌م وڵاتانه‌، له‌ هه‌مانكاتیشدا فه‌رمانبه‌رمان ناردووه‌ بۆ ئێران.ده‌مانه‌وێت نوێترین دیزاینى مافوور بێنینه‌ كوردستان، نوێترین دیزاینى مافووریش ئه‌مه‌یه‌ كه‌ مافوور به‌نه‌خشه‌ نه‌ماوه‌ و بووه‌ته‌ ژماره‌، واته‌ خوێندنه‌وه‌ى نه‌خشه‌كه‌ به‌ ژماره‌یه‌، دانانى ره‌نگى سوفه‌كه‌ش به‌ ژماره‌یه‌، ئه‌مه‌ش نوێترین دیزاینه‌، كه‌ چه‌ندین جار به‌ داوه‌تنامه‌ به‌رِێوه‌به‌رى بنكه‌كانم بردووه‌ بۆ ئێران و چووینه‌ته‌ شارى ئه‌سفه‌هان، سه‌ردانى ئه‌و شوێنانه‌مان كردووه‌ كه‌ زۆر به‌ناوبانگن، خه‌ڵكیشمان داوه‌ت كردووه‌ بۆ هه‌ولێر بۆ ئه‌وه‌ى به‌كاره‌كانمان ئاشنابن، هه‌روه‌ها سه‌ردانى وڵاتى توركیامان كردووه‌و شوێنه‌ كه‌له‌پووریه‌كانمان بینیوه‌، له‌ ناوخۆش كارمه‌ندانى هه‌ر حه‌وت بنكه‌كانى ئێمه‌ ساڵانه‌ له‌ مانگه‌كانى ئادارو نیسان گه‌شتیان پێ ده‌كه‌ین بۆ سلێمانى و دهۆك و هه‌ریرو شاره‌كانى دیكه‌، وه‌زاره‌تى رۆشنبیریش گرنگییه‌كى زۆر به‌ كاره‌كانمان ده‌دات، داوا له‌ وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى ده‌كه‌ین كه‌ برِوانامه‌ى رێزلێنان به‌و ئافره‌تانه‌ بدات، كه‌ زیاتر له‌ بیست ساڵه‌ كارى چنین و مافوور ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ پێدانى ئیمتیازات".
به‌رِێوه‌به‌رى بنكه‌كانى مافورى ده‌ستكردى هه‌رێمى كوردستان، له‌باره‌ى گرنگى ئه‌م سه‌ردانانه‌ى كه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ ئه‌نجامیان داون، ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد "ئامانج له‌و سه‌ردانانه‌ى كه‌ بۆ وڵاتانى توركیاو ئێران و ئیسپانیا ئه‌نجاممان داون، گرنگیدان بوو به‌ بوارى كولتوورییه‌وه‌، بۆ نموونه‌ كارگه‌كانى مافوور له‌ ئیسپانیایه‌، سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى كولتوورى ئیسپانیایه‌، ئه‌م كارگانه‌ له‌ ساڵانى زووه‌وه‌ سه‌ر به‌ خانه‌واده‌ى پاشایه‌تى ئیسپانیاو ده‌وڵه‌تى پاشایه‌تى بوونه‌، پاشاى ئه‌م وڵاته‌ كردوونیه‌ته‌ دیارى بۆ وه‌زاره‌تى كولتوورى وڵاته‌كه‌یان، ئه‌مانه‌ رۆژانه‌ خه‌ڵك به‌ پاره‌ له‌ رێگه‌ى ئینته‌رنێته‌وه‌ سه‌ردانى ئه‌م كارگانه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مانه‌ هه‌م بوونه‌ته‌ سیمایه‌كى شارستانى و هه‌م سوودى ماددیشى هه‌یه‌، له‌ ئیسپانیا ده‌رفه‌تێكى تایبه‌تییان هه‌بوو، بۆ ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ى كه‌ گرنگى به‌ بوارى دروستكردنى مافوور ده‌ده‌ن، وه‌ك میسرِو مه‌غریب و كینیاو ئه‌فغانستان و پاكستان  و توركیاو ئێران، ئه‌وان به‌ مافوورى ئێمه‌ زۆر سه‌رسام بوون، ئێمه‌ یاداشتێكمان به‌ هه‌ردوو زمانى كوردى و عه‌ره‌بى نووسى بۆیان، به‌مه‌ش زۆر خۆشحاڵ بوون، كاره‌كانى ئێمه‌یان زۆر پىَ جوان بوو، سوودى زۆرمان له‌ شاره‌زایى ئه‌وان وه‌رگرت".
له‌ كۆتایى قسه‌كانیدا، به‌رِێوه‌به‌رى بنكه‌كانى مافوورى ده‌ستكردى هه‌رێمى كوردستان، له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى ئایا تا ئێستا به‌رهه‌مى بنكه‌كانى مافوورى ده‌ستكرد له‌ هه‌رێمى كوردستان، له‌هیچ پیشانگایه‌كى ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ نمایش كراوه‌، رایگه‌یاند "تا ئێستا له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان پێشانگاى له‌م جۆره‌مان نه‌كردۆته‌وه‌، به‌ڵام به‌رنامه‌یه‌كمان له‌به‌ر ده‌سته‌ ئه‌مساڵ له‌ به‌غدا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ سه‌ردانى وڵاتى توركیامان كردووه‌، له‌ شارى دیاربه‌كر هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵ عوسمان بایده‌ میر، سه‌رۆكى شاره‌وانى دیاربه‌كر كردووه‌، كه‌ هۆڵى نمایشكردن و پێداویستییه‌كانمان بۆ دابین بكات و ئاسانكاریمان بۆ بكات، به‌نیازین له‌دواى ماوه‌یه‌كى دیكه‌ سه‌ردانى توركیا بكه‌ین، له‌ دیاربه‌كرو ئه‌سته‌مبۆل له‌ سه‌نته‌رى میزۆپۆتامیا، كۆمه‌ڵێك مافوورى ده‌گه‌مه‌ن ببه‌ین نمایشیان بكه‌ین، له‌ ناوخۆش له‌ هه‌ردوو پێشانگاى ساڵانه‌ى كتێب به‌شدارییمان كردووه‌، كه‌ وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى به‌ هاوكارى له‌گه‌ڵ خانه‌ى مه‌دا سازى كردووه‌، كه‌ ماوه‌ى یازده‌ رۆژى خایاند، هه‌روه‌ها پێشانگاى تایبه‌تیشمان له‌ زۆر شار كردۆته‌وه‌، له‌هه‌موو بۆنه‌و یاده‌كان و له‌ رۆژانى توندوتیژى دژ به‌ ئافره‌تان، هه‌روه‌ها له‌ 8ى مانگى ئابى ئه‌مساڵیش به‌چاودێرى وه‌زیرى رۆشنبیرى و لاوان پێشه‌نگایه‌كمان له‌هۆڵى ئه‌منه‌ سووره‌كه‌ له‌ سلێمانى كرده‌وه‌، ".

دیمانه‌: حه‌مید سورچى

جاری بيندراوی ئه‌م بابه‌ته‌ : 302


busy
 

: